تاچەند ئافرەتی بەناز گونجاوە بۆهاوسەرگیری ...؟ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 16 ئەیلول 2018 03:24

كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەكان هەمیشە ئافرەتی بەنازكراو بەرهەمدەهێنن، بۆ ئەوەی لەڕەگەزی پیاو جیای بكەنەوە، نازی زۆری دەدەنێ وهیچ بەرپرسیارێتیەكی پێناسپێرن تابەئەركەكانی خۆی هەڵسێت، لەزۆربەی كاتەكانیشدا ئافرەتانی بەناز دوای پرۆسەی هاوسەرگیری تووشی كێشە دەبێت وهەمووكات تۆمەتباردەكرێت بەوەی كە ناتوانێت بەئەركی ماڵەوە و هەڵسێت و منداڵ بەخێو بكات . لەم بارەیەوە بەپێویستمان زانی ڕاوبۆچوونی چەند كەسانێك وەربگرین، سەبارەت بەم بابەتە و بۆئەوەی زیاتر بیوروژێنین لای خوێنەران، رەنگە ئەوانیش چەندین بۆچوونی جیاوازتریان هەبێت لەم بارەیەوە:
***
هەڵبژاردنی كەسێك بۆ هاوسەریی
ئامانج كەریم ماوەی چوار ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت (( هەڵبژاردنی هاوسەر پێوەندی بە كەسایەتی پیاوەكەوە هەیە، بەڵام بەڕای من هیچ پیاوێك نایەوێت ژنێكی بەناز بهێنێت چونكە هەریەكێك لەئێمە حەزدەكات ژنەكەی خزمەتی منداڵ و ماڵی بكات و ئافرەتی بەنازیش ناتوانێت ئەم ئەركە جێبەجێ بكات، ئەمە بێجگەلەوەی كەئافرەتی بەناز كەسێكی شەرمنی لێدروست دەبێت و هەرگیز توانای پەرپرسیارێتی نابێت، بێگومان دایكایەتیش گەورەترین پەرپرسیارەتیە كەزەحمەتە ئافرەتێكی بەناز بتوانێت بیێت بەدایك . بەڵام سامان سلێمانی توێژەری كۆمەڵایەتی بەپێچەوانەی ڕای ئامانجەوە دەڵێت(( ئافرەتی بەنازكراو دەتوانێت ببێتە دایكێكی نموونەیی چونكە ئەو نازەی لەماڵی باوكیدا پێی بەخشراوە دەتوانێت وەك دایكێك بەمنداڵەكانی پێشكەشی بكات، ئەگەر تەماشا بكەین زۆربەی هەرە زۆری دایكە نموونەییەكان ئەو ئافرەتانەن كەلەسەردەمی كچێنیدا زۆر نازیان هەڵگیراوە)).
گەرشووبكەم ئەوكات نازم هەڵناگیرێت
شەرمین ئەحمەد تەمەنی 32 ساڵەو تاكو ئێستا ژیانی هاوسەری پێك نەهێناوەو دەڵێت « زۆركەس هەیە كەداوای ئەوەم لێدەكات ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێك بهێنم، بەڵام حەز ناكەم ژیانی هاوسەری پێك بهێنم . چونكە لەوەتەی لەدایك بوویمە دایك و باوكم زۆر نازیان پێداوم بۆیە لەوە دەترسم گەر ژیانی هاوسەری پێكبهێنم ئەوكات پیاوەكە نەتوانێت دڵی من ڕابگرێت وەك دایك و باوكم ئەوكات دەبێتە كێشەمان و دەبێ داوای جیابوونەوە بكەم .
دواتر نازەنین ئەحمەد تەمەنی 28ساڵەو ماوەی چوارمانگە دەزگیراندارەو دەڵێت « سەرەتا كە دەزگیرانەكەم هاتە داوام دایكم قسەی لەگەڵ كردو وتی كچەكەی من زۆر بەنازمان پەروەردەكردوە، دەبێت تۆش نازەكانی وەك ئێمە هەڵبگری، دەنا كچەكەی خۆمت پێنادەم . نازەنین ئەوەش دەخاتەڕوو كەئێستا دەزگیرانەكەی زیاتر لەدایك و باوكی نازی هەڵدەگرێت .
نازپێدان بۆكچ لەلایەن دایك وباوكەوە كارێكی باش نییە
مامۆستا خەدیجە خاوەنی سێ كچی گەورەیە هەرسەبارەت بەم بابەتە وتی « هەموو دایك و باوكێك منداڵەكانی خۆیان خۆشدەوێت و حەز دەكات نازیان پێبدات، بەڵام نازپێدانیش تاڕادەیەك پێویستە بۆمنداڵ دەنا كاتێك گەورە دەبێت كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ژیانی ناتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و هەست بەبوونی خۆی بكات . مامۆستا خەدیجە پێشی وایە كە ناز بۆكچان زۆر خراپە لەلایەن دایك وباوكەوە، دەڵێت « چونكە ئەو كچە كە ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت ناتوانێت ماڵ بەڕێوەببات ئەوكاتە هاوسەرەكەی هەرشتێكی پێ بڵێت ئەم توڕە دەبێت و دەچێتەوە ماڵی باوكی، ئەمەش دەبێتە كێشەیەكی گەورە لەنێو خێزان . مامۆستا خەدیجە وتیشی : خاوەنی سێ كچم لەماڵەوە نازم داونەتێ بەڵام بەشێوەیەكی واش نا كە نەتوانن لەداهاتوو ژیانی هاوسەری پێك بهێنن .
بەنازبوونی ئافرەت دەرگایەكە بۆ لەرێگەلادانی
ئەیوب حەمەدەمینی دوكاندار پێی وایە كە نازهەڵگرتن هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی كەئافرەت بەرەو هەڵدێر بڕوات، دەڵێت زۆربەی ئەو ئافرەتانەی كەدەكەونە داوی خۆشەویستی كوڕانەوەو بەقسەی بریقەدار فریو دەدرێن، ئەو ئافرەتانەن كە نازیان بەشێوەیەكی ڕادەبەدەر لەلایەن بنەماڵەكەیانەوە دراوەتێ .
لەكاتێكدا هەمیشە پیاوان رەخنە لەئافرەتی بەناز دەگرن و بەكەسانی بێكەڵك و بێسوودیان دەزانن، هەندێكیش لەئافرەتان وای بەباش دەزانن كەنابێت هیچ كاتێك ناز بدرێتە ئافرەت لەبەر ئەوەی كەمێیە بەڵكوو پێویستە نازهەڵگرتنەكەی بەشێویەك بێت نەبێتە هۆی شەرمن بوونی یان نەبێتە هۆی ئەوەی كەهەست بەوەبكات كەڕەگەزێكی ناسكە لەمبارەیەوە هانا فەرمانبەرە لەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژە بۆئەوە دەكات كە ئافرەتی بەناز هەرگیز لەژیانی هاوسەریدا سەركەوتوو نابێت بەڵكوو ناچار دەبێت زوو داوای جیابوونەوە بكات، دەڵێت ( ئافرەتی بەناز بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت ببێتە دایك، چونكە دایكایەتی بەرپرسیارێتیە، هیچ ئافرەتێكی بەنازیش ناتوانێت پەرپرسیارێتی بكاتە ئەستۆی خۆی).
هەندێك ئافرەتی تر بەنازبوونیان وەك دیاردەیەكی ئاسایی دەزانن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەموو كچێك لەماڵە باوكیدا نازی زۆری هەڵدەگیرێت بەڵام دوای چوونی بۆناو پرۆسەی هاوسەرگیری زەحمەتە ئەو نازەی بمێنێت، لەمبارەیەوە هێڤی كامەران ئەوەدەخاتەڕوو ئەوكاتانەی كە كچ بووە لەماڵی باوكی بووەو زۆر نازی هەڵگیراوەو بەجۆرێك باوكی هەموو داواكاریییەكانی بۆ جێبەجێ كردووە بەڵام دوای شووكردنی هیچ نازێكی نەماوەو توانیویەتی خۆشی بگونجێنێت، هێڤی دەڵێت(زۆربەی كچان لەماڵە باوكیاندا نازی زۆریان دەدرێتێ بەڵام دوای شووكردنیان لەم نازە بێبەشدەبن ئەوەی كەگرنگە بتوانن لەگەڵ ئەو ژیانە نوێیەدا خۆیان بگونجێنن).
نازپێدانی ئافرەتان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیە
سەبارەت بەوەی تاچەند هۆكاری كۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی بەنازبوونی ئافرەت ئارەزوو واحیدی توێژەری كۆمەڵایەتی وتی : نازهەڵگرتنی كچان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیەو بەرهەمی وردە كەلتوری رۆژهەڵاتە، ئارەزوو دەڵێت (چونكە ئافرەت لەكۆمەڵگە رۆژهەڵایەتیەكاندا ئەوەندە هێڵی سووری بۆكێشراوە، بۆتە كەسێكی شەرمن، لەئەنجامدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەبێتە كەسێكی بەنازو لەمجۆرە مرۆڤە دروستدەبێت، چونكە هیچ كام لەبەرپرسیارێتیەكانی نادرێتێ، بۆئەوەی داوای مافەكانی نەكات، ئالەم حاڵەتەدا ئەو كەسە بۆخۆی دەبێتە كەسێكی بەنازكراو).