هەندێک رێنمایی بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی گۆشتی برژاو پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 16 ئەیلول 2018 02:35

هەرچەندە خواست مرۆڤ بۆ خواردنی گۆشت جیاوازە، بەڵام کەسانێکی زۆر ئارەزووی خواردنی گۆشتی برژاو دەکەن بەتایبەتی لە بۆنەکاندا وەک جەژن یاخود چوونە دەرەوە بۆ گەشت و سەیران، هەندێک هێندە ئالودەی خواردنی گۆشتی برژاو بوون لە هەفتەیەکدا زیاتر لە چەند جارێک دەیخۆن، بەڵام بێ ئەوەی بە ئاگابن لە مەترسیەکانی و زیانەکانی بۆ تەندروستی لەش.

بەپێی هەواڵەکەی hayatouki پزیشکان و توێژینەوە زانستیەکان بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیەکانی خواردنی گۆشتی برژاو چەند ڕێنماییەک باسدەکەن، بۆ ئەوەی تاڕادەیەک لە زیانەکانی بەدووربن.

هەوڵبدە ئەو گۆشتەی هەڵیدەبژێریت کەم چەوری بێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی کۆبوونەوەی کالۆری زۆر و زیانی تەندروستی بە لەشت بگەیەنێت، لەهەمانکاتدا لەپێناو پاراستنی دڵ و خوێنبەرەکانت لە نەخۆشی.

کاتێک گۆشتەکە پارچە پارچە دەکەیت، هەوڵبدە لەسەر شێوازی پارچەی بچوک بچوک ئامادەی بکەیت، چونکە بە پارچەی گەورە هەرسکردن و جوینی گرانە و زیانەکانی دوو هێندەیە بۆ لەش.

بەکارهێنانی سرکە و لیمۆ بۆ گۆشتەکە بۆ ئەوەی لە بەکتریا و میکرۆب گۆشتەکە پاکبێتەوە.

لەکاتی برژاندنی بەهەموو شێوەیەک هەوڵبدە خەڵوزی سروشتی بەکاربهێنیت، نەک ئەو جۆرانەی پێکهاتەی کیمیایی تێدایە، چونکە کارلێک لەگەڵ گۆشتەکە دەکات و زیانی هەیە بۆ لەش.

لەگەڵ برژاندنی گۆشتەکە هەوڵبدە دووربێت لە خەڵوزەکە و ماددەکانی خەڵوزەکە نەچێت لە گۆشتەکەوە و زیان بە گەدە و تەندروستی لەش بگەیەنێت.