چۆن وا لە منداڵەکانت دەکەیت ئیرەیی بە منداڵی نوێ نەبەن پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
سێ شەممە, 10 تەمموز 2018 03:04

کاتێک دایک و باوکان منداڵێکی نوێ دەهێننە دونیاوە، دووچاری کێشەی دروست بوونی ئیرەیی دەبن لە لایەن منداڵەکانی دیکەیان، بەوەی رەنگە وابزانن کە پێگە و خۆشەویستیان لەناو ماڵدا بە هاتنی کەسێکی نوێ لەدەستدەدەن.

ئیرەیی منداڵان بەرامبەر بە منداڵانی نوێ ناو خێزانەکان، هەندێک جار بە کارەسات کۆتايی دێت، بۆ رێگری لەم کارەساتانەش، پەیمانگای گەشەپێدانی منداڵان لە ئەمەریکا چەند رێنماییەک بڵاودەکاتەوە.

دەبێت سەرەتا هەوڵی پاراستنی منداڵە ساواکە بدەی پاشان هەوڵ بۆ فێرکردنی منداڵەکانی دیکەت بدەیت.

قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکە، رێنموونی بکە و هانی بدە کە بە باشی مامەڵە لەگەڵ ساواکەدا بکات، هەرگیز پێکەوە بەتەنها بەجێیان مەهێڵە تا دڵنیا نەبیت لە رەفتاری منداڵەکەت بەرامبەر بە ساواکە.

کاتێک بینیت منداڵەکەت مامەڵەی خراپ لەگەڵ ساواکەدا دەکات، دووری بخەرەوە بە خواردنێک، یارییەک یاخود گۆرانییەک.

هەمیشە ستایشی منداڵەکەت بکە کاتێک دەبینی بە باشی رەفتار لەگەڵ ساواکەدا دەکات، پێی بڵێ کە رەفتاری نەرم و نیانی ئەو چەندە سوودی بۆ ساواکە هەیە. هەروەها پێی بڵێ کە تۆ شانازی بەوەوە دەکەیت کە بە پرسیارانە مامەڵە دەکات. ماچی بکە و لە باوەشی بگرە. مەهێڵە هەست بە کەمی خۆشەویستی بکات.

منداڵان هەمیشە ئاوێنەی دایک و باوکیانن. رەفتاری دایک و باوک لەگەڵ ساواکە کاریگەری زۆر لەسەر منداڵەکانیش دروست دەکات. ئەگەر دایک و باوکەکە رەفتارێکی هەڵە و جۆرێک لە توندوتیژی بەکار بهێنن بەرامبەر بە ساواکە، ئەوا منداڵەکان هەمان شت دووبارە دەکه‌نەوە.

بەهۆی ئەرکی منداڵە ساواکەت، فشار مەخەرە سەر منداڵەکەی دیکەت. مەڵێ ناتوانین بچین بۆ پارک و یاری لەبەرئەوەی ساواکە نووستوە، مەڵێ دەنگە دەنگ مەکە دەنا ساواکە بەخەبەر دێت، مەڵێ با کارەکانی ساواکە تەواو بکەم پاشان دێم بۆلات، لە جیاتی ئەوانە هۆکاری دیکە بڵێ. بۆ نموونە بڵێ با نان بخۆین دەڕۆینە پارک یاخود بڵێ سەرقاڵی کارێکم کە تەواو بووم دێم بۆلات. ئەمانە وا لە منداڵەکەت دەکەن هەندێک پرسیار لای دروست نەبن، چونکە لە کاتی فەرامۆش کردنی منداڵەکەت بەهۆی ساواکە، منداڵەکە بڕوا بەخۆی دەکات کە ئیدی هەموو شتێک لەو ماڵە دەگۆڕێت.

خۆشەویستی زیاتر بدە منداڵەکەت. زیاتر باوەشی بکە و کاتی زیاتری لەگەڵ بەسەر ببە. چ جۆرە یارییەکی پێ خۆشە ئەوەی لەگەڵ بکە چونکە منداڵ پێویستی بە هەندێک کاتە تاکو بتوانێت بە ئاسایی پرۆسەی زیادبوونی  کەسێکی نوێ لە خێزاندا وەربگرێت.

بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان منداڵ و ساواکە. کامێرا بدە منداڵەکە با وێنەی ساواکە بگرێت. فێری بکە چۆن گۆرەوی بکاتە پێیەکانی ساواکە، با منداڵەکە ئەو دیاریانە بکاتەوە کە بۆ ساواکە دێن. کاتێک  پاودەر بۆ ساواکە بەکاردەهێنیت، با منداڵەکەش یارمەتیت بدات و بەشدار بێت.

هەرگیز خووشک و براکان لەناویەکدیدا بەراورد مەکە. تەنانەت مەشڵێ کێ زوتر پێی گرت و کێ کەمتر گریا. وا لە منداڵەکانت بکە هەر کەسەیان هەست بە تایبەتبوونی خۆی بکات چونکە لە کاتی بەراوردکردن ئیرەیی دروست دەبێت.