توێژەران چارەسەرێکی دیکەیان بۆ خەوزڕاندن دۆزیەوە پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 06 ئاب 2017 06:31

توێژەران ڕێنمایی دەدەنە ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی بەردەوام خەویان دەزڕێت، کە وەرزش بکەن و ئەوەش هاوکاردەبێت بۆ خەولێکەوتنیان و وزەی زیاتریان پێدەبەخشێت و لەخەمۆکی دووریان دەخاتەوە.

دەروونناس کێڵی گلەیزەر لە زانکۆی ڕەش لە ئەمریکا ڕایگەیاندووە، لە زنجیرەیەک توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە وەرزشکردن کێشەی خەوزڕاندن کەمدەکاتەوە، بەجۆرێک لە یەکێک لەو توێژینەوانەدا دەرکەوتووە ژنانی بەتەمەن دوای ئەوەی وەرزشیان کردووە خەوتنیان باشتربووە.

توێژەرێکی دیکە بەناوی شاون یۆنگستێت لە زانکۆی ئەریزۆنا لەوبارەیەوە وتوویەتی، وەرزشکردن هێندەی حەبی خەو کاریگەری لەسەر خەولێخستن نییە، بەڵام ئەگەر کاریگەری نەرێنی حەبی خەو لەبەرچاو بگیرێت ئەوا وەرزش سوودی زیاترە.

یۆنگستێت باسی لەوەکردووە کە حەبی خەو مرۆڤ توشی ئالوودە دەکات، بە ڕادەی کەسێکی جگەرەکێش کە ڕۆژانە یەک پاکەت جگەرە دەکێشێت، ئەمە جگە لەوەی حەبی خەو مرۆڤ توشی هەوکردن دەکات، ئەگەر کەسانی بەتەمەنیش بەکاریبهێنن توشی لەبیرچوونەوەیان دەکات، جگە لەوەش کاریگەری حەبەکە لە پاش چەند هەفتەیەک کەمدەبێتەوە.

سەبارەت بەوەی چەند کاتژمێر وەرزشکردن پێویستە بۆ کەسێک کە کێشەی خەوزڕاندنی هەیە، توێژەر کریستۆفەر کلین  لە زانکۆی پیتسبۆرگی ئەمریکا وتی، ئەو کەسانە دەتوانن ڕۆژانە دوو کاتژمێر و نیو وەرزشی سوک بکەن، وەکو ڕۆشتنێکی خێرا یان پاسکیلسواری یان هەر وەرزشێکی دیکە کە ترپەی دڵ خێرا بکات.

هەروەها هەفتەی دوو جاریش وەرزشی قورستر بکەن و ماسولکەکانی لەشیان بەهێزبکەن.

توێژەران ئاماژەیان بۆئەوەشکردووە کە وەرزشکردن لە دەرەوەی ماڵ سوودی زیاترە، چونکە تیشکی خۆر کاریگەری ئەرێنی لەسەر خەولێخستنی مرۆڤ هەیە.