مارادۆنا سه‌ردانی‌ گۆڕه‌كه‌ی‌ چافێز ده‌كات پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دووشەممە, 15 نیسان 2013 10:39

ئه‌فسانه‌ی‌ تۆپی‌ پێی‌ ئه‌رژه‌نتینی‌ دیگۆ ئه‌رماندۆ مارادۆنا سه‌ردانی‌ گۆڕه‌ی‌ هۆگۆ چافێزی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ فه‌نزه‌وێلای‌ كرد كه‌ یه‌كێك بو له‌ هاوڕێكانی‌.
هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا مارادۆنا داوای‌ له‌ هاوڵاتیانی‌ فه‌نزه‌وێلا كرد ده‌نگ به‌و كه‌سه‌ بده‌ن كه‌ هۆگۆ چافێز بۆ جێگرتنه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ده‌ستنیشانیكردوه‌.
دوای‌ مردنی‌ چافێز، هاولاَتیانی‌ فه‌نزه‌وێلا ده‌یانه‌وێت لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌‌و ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ كه‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نیكۆلاس مادۆرۆ كه‌ به‌ر له‌ مردنی‌ چافێز وه‌ك جێنشینی‌ خۆی‌ ده‌ستنیشانكرد، چانسی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.
تائێستا یاده‌وه‌ری‌ ئه‌و رێبه‌ره‌ چه‌په‌ی‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكای‌ لاتین كه‌ رۆژی‌ پێنجی‌ مانگی‌ رابردو به‌هۆی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا باڵی‌ به‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌نزه‌وێلادا كێشاوه‌.
له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆسه‌ر گۆڕی‌ چافێز، مارادۆنا كه‌ كراسێكی‌ سپی‌ له‌به‌ركردبو، داوای‌ له‌ هاولاَتیانی‌ فه‌نزه‌وێلا كرد مادۆرۆ هه‌ڵبژێرن بۆ ته‌واوكردنی‌ میراتی سه‌رۆكی‌ كۆچكردو.
له‌وته‌یه‌كیشدا نیكۆلاس مادۆرۆ وتی‌ "قسه‌كردن له‌گه‌ڵ مارادۆنا گفتوگۆیه‌كی‌ سۆزاوییه‌، چونكه‌ چافێز زۆری‌ خۆشویستوه‌".
هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا، مارادۆنا پاڵه‌وانی‌ جیهانی‌ ساڵی‌ 1986 درێسێكی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌رژه‌نتینی‌ به‌خشیه‌ مادۆرۆ ‌و داوای‌ لێبوردنی‌ كرد له‌وه‌ی‌ نه‌یتوانی‌ به‌شداری‌ له‌مه‌راسیمی‌ به‌خاكسپاردنی‌ چافێزدا بكات، هه‌ر له‌باره‌ی‌ چافێزه‌وه‌ مارادۆنا وتی‌ "هۆگۆ چافێز ئه‌و رێگایه‌ی‌ گۆڕی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ لاتین بیریان پێده‌كرده‌وه‌، به‌درێژایی ژیانمان ئێمه‌ خۆمان راده‌ستی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا كردبو، به‌ڵام چافێز ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی‌ له‌مێشكماندا چاند كه‌ ده‌كرێت به‌ ته‌نها هه‌نگاو بنێین".