به‌رشه‌، بۆ چوارگۆشه‌ی‌ زێرین سه‌ركه‌وت پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
پێنج شەممە, 11 نیسان 2013 12:13

له‌میانه‌ی‌ یارییه‌كی‌ خولی‌ هه‌شتی‌ یانه‌پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپادا، یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ سه‌ره‌ڕای‌ یه‌كسانبونی‌ توانی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نه‌ته‌ چوارگۆشه‌ی‌ زێرین.
له‌نێو یاریگای‌ نیوكامپی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ و به‌ ئاماده‌ بونی‌ زیاتر له‌ 90 هه‌زار هانده‌ر یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ ئیسپانی‌ توانی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نه‌ته‌ قۆناغی‌ داهاتوی خولی‌‌ یانه‌پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپا، ئه‌ویش سه‌ره‌ڕای‌ یه‌كسان بونی‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمانی‌ فه‌ره‌نسی‌، به‌ ئه‌نجامی‌ گۆڵێك بۆ هه‌ردولا.
سه‌ره‌تا یانه‌ پاریسیه‌كه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بون له‌ تۆماركردنی‌ گۆڵدا و له‌ خوله‌كی‌ 50 دا خافێر پاستۆری‌ یاریزانی‌ هێڵی‌ ناوه‌ندی‌ پاریس سان جێرمان و هه‌ڵبژاره‌دی‌ ئه‌رجه‌نتین توانی‌ تۆڕی‌ گۆڵی‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ بهه‌ژێنێت، تا له‌ خوله‌كی‌ 71 دا پێدرۆ رۆدریگێزی‌ هێرشبه‌ری‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌و هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئیسپانیا گۆڵی‌ به‌رامبه‌ری‌ تۆماركرد و یاریه‌كه‌ش به‌و ئه‌نجامه‌ كۆتایی‌ هات .
هاوكات به‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ردو یاری‌ چون و گه‌رانه‌وه‌ (3_3)به‌ڵام تۆماركردنی‌ گۆڵی‌ زیاتر له‌ نێو یاریگای‌ پاریس سان جێرمان، یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ هاوشانی‌ یانه‌كانی‌ ریال مه‌درید و بروسیا دۆرتمۆند و بایره‌ن میونیخ گه‌یشته‌ چوارگۆشه‌ی‌ زێرین و رۆژی‌ هه‌ینیش تیرو پشك ده‌كرێت بۆ قۆناغی‌ پێش كۆتایی‌ خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپا.