كچە فێرخوازێكی پۆلی دوانزەی بنەڕەتی هەوڵی خۆكوشتنی دا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
هەینی, 03 ئایار 2013 12:08

لە ماوەی كەمتر لە دوانزە كاتژمێردا، دووەم كچە فێرخواز لە شارۆچكەی كەلار هەوڵی خۆكوشتنی دا. كچە فێرخوازەكە تەمەنی هەژدە ساڵە و پۆلی شەشەمی ئامادەیی (12ی بنەڕەتیە)، خۆی دەرمانخوارد كرد، بەڵام توانرا ژیانی لە مەرگ رزگار بكرێت.

دوێنێ سێشەممە (30 / نیسان – ئەپریل / 2013)، كچە فێرخوازێك بەناوی (پ. ئ) دانیشتووی گەڕەكی (گۆران)ی شارۆچكەی كەلار، ژمارەیەكی زۆر حەبی جۆراو جۆری خوارد و ویستی كۆتایی بە ژیانی بهێنێ، بەڵام كەسوكاری فریای كەوتن و گواستنیانەوە بۆ نەخۆشخانە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (ده‌باشان)، سەرچاوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە شارۆچكەی كەلار رایگەیاند، بە گوێرەی گوتەكانی خۆی، ئەو كچە لەبەر ئەوەی لە چەند وانەیەكدا كەوتووە و داخلی تاقیكردنەوە گشتییەكانی بەكالۆریای پۆلی شەشەمی ئامادەیی نەكراوە، هەوڵی خۆكوشتنی داوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی (ده‌باشان)، ئەو كچە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی كەلار و گەدەی شۆردراوەتەوە و رەوشی تەندروستی سەقامگیر بووە.

تەنیا دوێنێ (30ی نیسان – ئەپریل)، لە شارۆچكەی كەلار، ژنێكی دیكەی تەمەن بیست ساڵ، لە داخی هاوسەرەكەی زیاتر لە سەد دانە حەبی جۆراو جۆری خوارد و ویستی كۆتایی بە ژیانی بهێنێت و دوای شۆردنەوەی گەدەی ژیانی لە مەرگ رزگار كرا.

هەروەها كچە فێرخوازێكی دیكەی پۆلی پێنجەمی ئامادەیی، بە هۆكارێكی نادیار ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە.