بەسەرهاتی ژنێك لە مانگی هەنگوینیدا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 16 ئەیلول 2018 03:14

هیواو خۆزگەكانی مرۆڤ بێ سنوورن و بە هیچ رووپێوێك نا پێورێت، بەتایبەتی هیوا و خۆزگەی دوو كەسی عاشق، هیوا و ئاواتی زۆر گەورەن، خۆشەویستیش سامانێكی زۆر بە نرخە بەتایبەت ئەگەر هەردوو خۆشەویست بەڕاستگۆیی و دڵپاكی یەكتریان خۆش بووێت و هەوڵی بە یەكتر گەیشتن بدەن
هیواو خۆزگەكانی مرۆڤ بێ سنوورن و بە هیچ رووپێوێك نا پێورێت، بەتایبەتی هیوا و خۆزگەی دوو كەسی عاشق، هیوا و ئاواتی زۆر گەورەن، خۆشەویستیش سامانێكی زۆر بە نرخە بەتایبەت ئەگەر هەردوو خۆشەویست بەڕاستگۆیی و دڵپاكی یەكتریان خۆش بووێت و هەوڵی بە یەكتر گەیشتن بدەن
(بێلان) دەڵێت: كاتێك قوتابی زانكۆ بووم لەگەڵ دنیای خۆشەویستی(سامان) تێكەڵ بووم و دەشمزانی ئەم دنیایە پڕە لە ترسی ئەژدێها و هەردەم سێدارەی مەرگ بۆ كەسانی عاشق حارز و ئامادەكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دنیای خۆشەویستیم گەلێ لە دنیای ترس و لە سێدارە دان بە گەورە تر دەزانی، كاتێك قۆناخی زانكۆم تەواوكرد، لەگەڵ(سامان) بڕیارماندا بۆ پێكەوە ژیانێكی هەمیشەیی هەوڵ بدەین و بۆ دروستكردنی ماڵێكی خنجیلانە هەنگاوەكانمان هەڵنێین، ئەوەبوو(سامان) زۆر بە ئاسایی دەستی بە هەنگاونان نا بەرەو خۆزگە و ئاواتەكان، سەرەتا دایكی و خوشكی نارد بۆ ماڵی ئێمە وەكو نەریتێك ئەم باسەیان لای دایكم كردەوە و دایكیشم پێی گوتبوون با ئێوارە باوك و براكانی بگەڕێنەوە مەوزوعەكەیان لا باس دەكەم و رای ئەوان وەردەگرم، دایكم باسەكەی لای من كردەوە كە ئەو ماڵە بۆ داوام هاتوون من رای خۆم بە دایكم گوت، ئەو رۆژە دڵم زۆر خۆش بوو لەگەڵ ئەوەشدا جار ناجار ترسێك لە نێو خەیاڵما هاتووچۆی دەكرد، ئێوارە باوكم و براكانم لە كارەكانی خۆیان گەڕانەوە و منیش بە درێژایی ئەو شەوە هەر لە بیركردنەوە بووم، تا بەیانی خەو لە چاوەكانم تۆرا و ترسێكی زۆرم هەبوو لەوەی كە باوكم و براكانم بزانن پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوان من و (سامان)دا هەیە داواكەیان رەت بكەنەوە، زۆرجاریش بڕوام بە خۆم دەهێنا، كە بە خۆزگە و ئاواتەكانم دەگەم، بەڵام هەندێ جاریش پێچەوانە دەگەڕامەوە سەرترسەكەی ناخم ، بەیانی زوو خۆم گەیاندە دایكم كە بزانم بۆ ئەو مەوزوعە قسەی لەگەڵ باوكم و براكانمدا كردووە، دایكم پێی راگەیاندم، كە ئەوان هیچ وەڵامیان نەبووە، ئەوەشم نەزانی بوو كەوا باوكم و براكانم زۆر لە مێژە چارەنووسی منیان دیاریكردووە بێ ئاگاداری من پیاوێكی برادەری باوكم بۆ كوڕەكەی داوای كردبووم و باوكیشم بەخۆشحاڵییەوە بە داواكەی رازی بوو، بێ ئەوەی رای من بزانێت، كە گوایە زۆر دەمێكە باوكم ناسیاوەتی لەگەڵیان هەبووە، هەر چەندە من بەم شووكردنە ناڕازی بووم، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەری و باوكم بەسەرمەوە قیژاندی و گوتی: تۆ بەرژەوەندی خۆت نازانی براكانیشم لەلایەكی دیكەوە هەڕەشەیان لێكردم كە دەبێ هەر شووبەم كوڕە بكەم، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێكردم ئەگەر مێرد بەم كوڕە نەكەم ئەوە دوور نییە ئەزیەتی (سامان) بدەن، بۆیە بە چاوێكی پڕ فرمێسك و دڵێكی ناخۆش لە ژێر فشار و هەڕەشەدا رازی بوونی خۆم نیشاندا، بەڵام لە ناخمدا بۆ كەسێك دەسووتام كەوا وەكو دار رەگ و ریشەی لە دڵمدا كووتابوو، وەكو مۆم بۆ یەكتری دەسووتاین و خۆشەویست و میوانی هەمیشەی دڵی من بوو، بەڵام ئاخ بۆ منی بێ توانا و بێ دەسەڵات كە لە ئاستی بێ ویژدانی باوك و برا نەمدەزانی هاوار بۆ كێ بەرم و چی بكەم و چی بڵێم، نەمدەزانی چۆن ئەم هەواڵە ناخۆشە بگەیەنمە خۆشەویسترین كەسم؟ لەوە دەترسام نەوەكو تووشی شتێك بێت، بەناچاری دەستمدایە موبایلەكەم و بە هەناسەیەكی پڕ لە غەم و بە دەنگێكی پڕ لە گریانەوە پێم گوت: خۆشەویستەكەم ببورە بڕوام وابوو هیچ هێزێك ناتوانێ لە یەكتریمان بكات و لە هێزی خۆشەویستی و ئەوینداری من و تۆ بەهێزتر بێت، بەڵام وا دیارە موڵك و سامانی دنیا و بێ ویژدانی مرۆڤەكان لە عەشق و خۆشەویستی بەهێزترن و، دەتوانن چارەنووسی من بە كەسێكەوە ببەستنەوە كەوا لە خەیاڵیشمدا بیرم لێ نەكردبۆوە، هەموو باسەكەم بۆ گێڕایەوە (سامان) شۆك گرتبووی هیچی پێنەدەگوترا، تەنیا گریانێك لە قورگێكی گیراو دەهاتە دەرەوە و، ناچار نەمتوانی بەرگەی ئەم خەمە بگرم موبایلەكەم داخست و لە هۆش خۆم چووم و ئاگام لە خۆم نەما، تا دەهات رۆژی زەماوەند و مەڕاسیمی رۆژی گواستنەوەم نزیك دەبووەوە نەمدەزانی چیان بۆ كردووم، ئاڵتوون و زێڕ هیچیان بەلامەوە گرنگ نەبوو، چونكە هەمووم رەتكردبووەوە تەنیا بۆ جارێكیش بێت نەچووم بۆ بازاڕ هەر چەندە هەڕەشە و گوشاریشم لەسەربوو، دوایی زەماوەند سازدرا چوومە نێو ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكدا كەوا لە ژیانمدا بیرم لێ نەكردبۆوە، بەڵام چ هاوسەرگیرییەك هەر لە دووەم رۆژەوە كێشە و گرفت لە نێوانمان دەستی پێكرد رووبەڕووی كەسێكی ئەنانی ئیهمال بوومەوە كە هیچ هەستی بە بەرپرسیارییەتی نەدەكرد و زۆربەی كاتەكانی بە تەماشاكردنی سەتەلایت، یاخود لەگەڵ برادەرەكانی لە دەرەوە دەبردە سەر، دەهاتوو دەچوو هیچ حسابێكی بۆمن نەدەكرد نەیدەزانی كەوا ژن و ماڵیشی هەیە و بۆ هیچ شوێنێك لەگەڵم نەدەهات، هەستمكرد من هیچ نرخێكم لای ئەو كوڕە نییە و ئەو بە ناچاری لەگەڵمدا دەژی تەنیا ئەو كەسە نرخم دەزانێت كەوا خۆشمی دەوێت و هەتا مردن خۆشەویستمە، بۆیە دوای هەفتەیەك داوای جیابوونەوە(تەڵاق)م كرد و بەرە و دادگای باری كەسی كەوتینەڕێ، دوایی بۆم دەركەوت كە ئەویش لە ژێر فشاری باوكی بەم ژنهێنانە رازی بووە و لە راستیدا دڵی بە كچێكی دیكەوە بوووە و ئەویش خۆشەویستی هەبووە
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە رێز و خۆشەویستی و یەكتر ناسین لێك تێگەیشتن چەندە گرنگە بۆ پتەوكردنی پرۆسەی هاوسەرگیری، كاتێك ئەم چەند فاكتەرە كز و لاواز بوون بە دڵنیاییەوە پرۆسەی هاوسەرگیری بەرەو تێكچوون و جیابوونەوە دەڕوات، دیارە لە ژیانی ئەمڕۆشماندا ئەگەر فاكتەرێك هەبێت بۆ پتەوكردنی ئەم پرۆسەیە ئەوە چەندین فاكتەر هەن بۆ جیابوونەوەیان، یەك لەم فاكتەرانە بە زۆر بە شوودانی كچانە لە ژێر فشار هەڕەشەو چاو لێ سوركردنەوەی باوك و برا، ئێمە ناڵێن ئەم فشار خستنە سەرە تەنیا كچان دەگرێتەوە بەڵكو زۆر لە كوڕانیش لە ژێر ئەم فشار و هەڕەشەیەی كەوا لەلایەن خانەوادەكەیان دەیان خرێتە سەر بە ناچاری و بەبێ رەزامەندی خۆیان ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ كچێك پێك دەهێنن، كە بە خۆشیان رەزامەندییان لەسەر نییە
هەڵبەتە لێرەدا ناكۆكی و كێشە و گرفت لە نێوانیان سەرهەڵدەدات و ناتوانن بە هیچ شێوەیەك ژیانێكی بەختەوەر لە ژێر ساباتی هاوسەرگیری پێك بهێنین، بۆیە دەرەنجام جیابوونەوە، واتە تەڵاق دواچارەسەر و چاكترین رێگە چارە دەبێت بۆ هەردووكیان