چیرۆکی ئه‌و کچه‌ کورده‌ی براکه‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌ستدرێژی ده‌کاته‌ سه‌رله‌(سوید) پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 26 ئاب 2018 21:33

"دوازده‌ ساڵ بووم کاتێک برای خۆم ده‌ستدرێژی سێکسی کرده‌ سه‌رم و بۆ ماوه‌ی 7 ساڵ ئه‌مه‌ی دووباره‌ کرده‌وه‌." ئه‌مه‌ یه‌که‌م رسته‌ی گێرانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ بوو که‌ ئیمانی ته‌مه‌ن 18 ساڵه‌ به‌ چاوه‌ ره‌شه‌ پڕ له‌ فرمێسکه‌کانیه‌وه‌ ده‌ریبڕی، جوڵانه‌وه‌ی ده‌سته‌کانی ئیمان کاتێک ده‌یه‌وێ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ مێژووی ده‌ستپێکی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ و به‌رده‌وامبوونی بۆ ماوه‌ی 7 ساڵ ده‌ریده‌خات که‌ چه‌نده‌ برینداره‌ ئه‌و کچه‌ و چه‌نده‌ پڕ ئازاره‌ تێداژیانه‌کانی رابردووی. ئیمان زۆر به‌زه‌حمه‌تی و زۆر به‌ هێواشی باسی له‌ یه‌که‌م جاری ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ کرد: "له‌وێوه‌ ده‌ستی پێکرد، براکه‌م که‌ له‌ خۆم گه‌وره‌تر بوو چه‌ند ساڵێک پێی ووتم با یاری وه‌ره‌ق بکه‌ین له‌ ژوره‌که‌ی ئه‌و، وتی ئه‌و که‌سه‌ی بردییه‌وه‌ هه‌رچی داوایکرد له‌ دۆراوه‌که‌ ده‌بێ بیکا، منیش وتم باش. که‌ دۆرام، داوایلێکردم پانتۆڵه‌که‌ دابنێم و منی مه‌جبور کرد پاڵبکه‌وم، ئه‌وه‌ی حه‌زی کرد کردی" ئیمان که‌مێک وه‌ستاو دواتر وتی "من ئه‌و کات قه‌ت تێنه‌گه‌یشتم ئه‌و چی ده‌کات و بۆ وا ده‌کات، شۆک بووم، ده‌ترسام و ده‌له‌رزیم." ئه‌و کچه‌ گه‌نجه‌ چاوه‌کانی بڕییه‌ سه‌ر رووناکی په‌نجه‌ره‌که‌ و ماوه‌یه‌کی باش بێده‌نگ بوو، دواتر به‌رده‌وام بوو له‌ گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌ پڕ له‌ ره‌شاییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی:" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵ بووم و زۆریش ده‌ترسام نه‌وێرام بۆ بنه‌ماڵه‌که‌مان باسی بکه‌م". جێگای ئاماژه‌یه‌ که‌ ئیمان زۆر به‌ منداڵی له‌ کوردستانه‌وه ‌له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی هاتووه‌ بۆ سوید و دوای ماوه‌یه‌ک دایکوباوکی لێکجیابوونه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ دایکی مه‌جبوورده‌بێ به‌رده‌وام ئیش بکات و زۆر ئاگای له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی منداڵه‌کانی نه‌بێ.

ئیمان تا زیاتر ده‌چووه‌‌ ناو گێرانه‌وه‌کانی زیاتر ئه‌ژنۆکانی له‌ سینگی نزیکده‌کرده‌وه‌‌ و له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که‌ وا خۆی کۆکردبۆوه‌ که‌ وێده‌چوو ئێستاش بترسێ له‌وه‌ی که‌ براکه‌ی په‌لاماری بدات و ده‌ستدرێژی سێکسی بکاته‌ سه‌ر. هه‌ر له‌ رێی گێرانه‌وه‌کانی خۆی ده‌رده‌که‌وێ که‌ براکه‌ی ئیمان ئیدی له‌و کاته‌به‌دواوه‌ به‌رده‌وام ده‌ستدرێژی سێکسی ده‌کاته‌ سه‌ر خوشکه‌که‌ی. ئیمان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ گێرانه‌وه‌کانی و وتی " ئه‌و به‌رده‌وام به‌دره‌فتاری به‌رامبه‌رم ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ زۆر زۆر ئازاریده‌دام و ئێستاش ئازارم ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ که‌ برای خۆت ده‌ستدرێژیت بکاته‌ سه‌ر." ئیمان به‌و بێده‌نگییه‌ی که‌ زۆر جار گێرانه‌وه‌کانی ده‌پچرێ ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئێستاش ئه‌و برینه‌ لای ئه‌و هه‌ر تازه‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک پرسیاری لا دروست بووه‌ که‌ وه‌ک خۆی ده‌ڵێ هه‌رگیزاوهه‌رگیز وه‌ڵامه‌کانی ده‌ستناکه‌وێت. ئه‌م کچه‌ گه‌نجه‌ به‌رده‌وام بوو ووتی "قه‌ت تێنه‌گه‌یشتم و ئێستاش تێناگه‌م چۆن ده‌بێ ئه‌و ئاوا له‌ خوشکی خۆی بکات و ئه‌وه‌نده‌ی ئازار بدات؟ جگه‌ له‌وه‌ش قه‌ت نه‌مزانی بۆ ده‌یتوانی دوای هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌کی بۆ سه‌ر من بێ کێشه‌ و بێ ئه‌وه‌ی وا نیشانبدا که‌ هه‌ڵه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ ماڵه‌که‌دا به‌شاد و ده‌م به‌ پێکه‌نین هه‌ڵده‌سوڕا." ئیمان وێده‌چێ برینه‌که‌ی لێقوڵتربووبێته‌وه‌ کاتێک ده‌زانێ که‌ براکه‌ی به‌هه‌ڵه‌ ئه‌وه‌ی نه‌کرد و به‌ڵکو هه‌فتانه‌ له‌هه‌ر شوێنێک له‌ ماڵه‌که‌دا هه‌لی بۆهه‌ڵکه‌وتبا ده‌ستدرێژی ده‌کرده‌ سه‌ر ئه‌و. ئیمان وتی "هه‌فتانه‌ چه‌ند جارێک ئه‌م ده‌ستدرێژیه‌ی دووباره‌ده‌کرده‌وه‌ و تا ده‌هات ئازای جه‌سته‌ی و رۆحی زیاتری ده‌دام." له‌ هه‌وڵه‌کانیدا بۆ ده‌ربازبوون له‌م زوڵمه‌ ئیمان زۆر هه‌وڵده‌دات و به‌رگری له‌ خۆی ده‌کات به‌ ده‌ست و به‌ قسه‌کردن و هه‌تا به‌ پاڕانه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ڵێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی براکه‌ی له‌ خۆی چه‌ند ساڵێک گه‌وره‌تر بوو ئه‌و نه‌یده‌توانی هیچ کاریگه‌رییه‌کی هه‌بێ له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی براکه‌ی. " که‌ سانی به‌رگری له‌ خۆم ده‌که‌م به‌ چه‌قویه‌ک که‌ له‌سه‌ر گه‌ردنم رایده‌گرت هه‌ره‌شه‌ی کوشتنی لێده‌کردم، پێیده‌گوتم ئه‌گه‌ر لای که‌س باسی بکه‌ی به‌م چه‌قویه‌ ده‌تکوژم".

به‌پێی ئاماژه‌کانی ئیمان خۆی، میتۆد و ئه‌و ئامرازانه‌ی بۆ هه‌ره‌شه‌کردنی به‌کارهێنراون له‌لایه‌ن براکه‌یه‌وه‌ جیاوازبوون، له‌ لێدان به‌ ده‌ست و شه‌ق تا سوتانی جه‌سته‌ی به‌ جگه‌ره‌ و کێشانی که‌لوپه‌ل به‌ ده‌موچاویدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی بیترسێنێ و بیخاته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆی.

له‌ گێرانه‌وه‌کانی ئیماندا ده‌رده‌که‌وێت که‌ ره‌نگه‌ دایکی که‌م و زۆر هه‌ستی کردبێ به‌مه‌ و به‌ڵام بۆ پاراستنی ناو و سومعه‌ی خێزانه‌که‌یان و له‌ده‌ستنه‌چوونی کوڕه‌که‌ی خۆی بواردوه‌ له‌ لێپرسینه‌وه‌، خوشک و براکانیش بچوکتربوون له‌ خۆی و براکه‌ی و هه‌ستیان به‌ هیچ نه‌کردوه‌. وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌کات دایک و باوکی جیابوونه‌وه‌ و گه‌وره‌ی ماڵ به‌س دایکی بووه‌ که‌ رۆژانه‌ له‌ ئیش بووه‌. ئیمان له‌مباره‌وه‌ ووتی "زۆربه‌ی ئه‌و کاتانه‌ی که‌ براکه‌م ده‌ستدرێژی ده‌کرده‌ سه‌رم ئه‌و کاتانه‌ بوو که‌ خوشکوبراکانی ترم له‌ماڵ نه‌بوون و دایکیشم له‌ ئیش بوو، هه‌رچه‌ند جار جار شه‌وانه‌ش ده‌یبردمه‌ ژوره‌که‌ی خۆی و به‌بیانووی یاری وه‌ره‌ق، به‌ڵام که‌س هه‌ستی پێنه‌ده‌کرد، هه‌رچه‌ند هه‌ستم ده‌کرد دایکم هه‌ست ده‌کات و ده‌زانێ به‌ڵام نازانم بۆ لێپرسینه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد. جگه‌ له‌وه‌ش خۆشم نه‌مده‌وێرا لای که‌س باسی بکه‌م و وا خۆم نیشانده‌دا که‌ هیچ کێشه‌یه‌کم نیه‌، ده‌ترسام ئه‌گه‌ر که‌س بزانێ براکه‌م بمکوژێ."
وه‌ک گێرانه‌وه‌کانی ئیمان ده‌ریده‌خات ئه‌و ئازاردان و ده‌ستدرێژیه‌ به‌رده‌وام بوو تا گه‌یشته‌ ئه‌و جێگایه‌ی که‌ خێزانه‌که‌ی ئیمان ده‌یانه‌وێ ئه‌و بده‌ن به‌ ئامۆزاکه‌ی و ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ ئیمان بڕیار ده‌دات که‌ له‌لای کچێکی ره‌فیقی که‌ خۆشه‌ویسترین هاورێیه‌تی باسی بکات. ئیمان ووتی " رۆژێک له‌ مۆبایله‌که‌مه‌وه‌ نامه‌یه‌کم بۆ کچه‌که‌ی ره‌فیقم نارد و به‌کورتی بۆم نووسی که‌ له‌ چ حاڵێکدام، دواتر یه‌کترمان دیت له‌ قوتابخانه‌ و هه‌موو رووداوه‌کانم بۆ باسکرد، ئه‌و زۆر گریا و دواتر ووتی ده‌بێ له‌لای به‌رپرسی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی قوتابیانی قوتابخانه‌که‌ باسی بکه‌ین، ئه‌و کاره‌مان کرد، به‌ڵام ئه‌و کات نه‌مده‌وێرا رابکه‌م له‌ ماڵ، بۆیه‌ هاوکاریم وه‌رنه‌گرت." دواتر "من له‌ رێگای ژنێکه‌وه‌ زانیم که‌ سه‌نته‌رێک هه‌یه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وانه‌وه‌ کرد که هاوکاریم بکه‌ن."
سه‌نته‌ری نینا بۆ داڵده‌دانی ژنان له‌ ستۆکهۆڵم له‌سه‌ر که‌یسی ئیمان کۆمه‌ڵێک تێبینی دا و به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری نینا هه‌ڵاڵه‌ رافع ووتی" که‌یسی ئیمان یه‌کێ له‌ که‌یسه‌ هه‌ر قورسه‌کانی ئێمه‌ بوو، ده‌کرێ بڵێم قورسترین که‌یس بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کچه‌ زۆر گه‌نجه‌ و زۆریش منداڵبووه‌ که‌ ده‌ستدرێژیه‌کانی کراوه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ش وایکردوه‌ که‌ ئاسه‌واری زۆر وێرانکه‌ری ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌جێبمێنێ له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و کچه‌، ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێکیشه‌ تا ئێستا ئه‌و کچه‌ ناتوانێ به‌ ئاسایی سه‌یری خه‌ڵک بکات و قسه‌ بکات، ناتوانێ له‌گه‌ڵ که‌س دانیشێ نان بخوات." ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کچه‌ چۆن په‌یوه‌ندی کردوه‌ به‌ سه‌نته‌ره‌که‌ی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵاڵه‌ رافع وتی "که‌ له‌ رێگای ژنێکه‌وه‌ که‌ له‌ شاره‌که‌ی ئه‌و کچه‌ ده‌ژیا ئێمه‌ ئاگادارکراینه‌وه‌ و ئه‌ویش بو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کچه‌ ببینین، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بیبینین به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌توانی قسه‌ بکات به‌ڵکو هه‌ر نامه‌ی ده‌نارد بۆمان، ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 50 نامه‌مان ده‌گۆڕیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک، زۆربه‌ی کات ئه‌و کچه‌ له‌ توالێت نامه‌کانی ده‌نارد بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌وه‌ نه‌زانن، هه‌تا له‌ترسی براکه‌ی له‌و دوواییانه‌دا له‌ یه‌کێک له‌ توالیته‌کانی ماڵه‌وه‌ش ده‌خه‌وت، تا شه‌و نه‌چێته‌ گیانی. بێگومان له‌ دیتنی یه‌که‌ممانه‌وه‌ هه‌م پۆلیس هه‌م سۆسیال ئاگاداری مه‌سه‌له‌که‌ بوون و به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێشینه‌ی خێزانه‌ په‌نابه‌ره‌کان باشتر ده‌زانین باشتر و ئاسانتر ده‌مانتوانی هاوکاری ئه‌و کچه‌ بکه‌ین."

نوێنه‌ری سه‌نته‌ری نینا باسی له‌وه‌ کرد که‌ ئه‌وان چۆن چۆنی ئیشیان بۆ ئه‌و کچه‌ کردوه‌ و وتی "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرا و نه‌ده‌بوو له‌وکاته‌دا له‌گه‌ڵ دایک و باوک و براکه‌ی ئه‌و کچه‌ قسه‌ بکه‌ین و ده‌شمانزانی که‌ له‌لای ئه‌و جۆره‌ خێزانانه‌ی که دابونه‌ریت و تێگه‌یشتنێکی تریان هه‌یه‌ بۆ خێزان و مافی تاکه‌کانی ناو خێزان بۆیه‌ زۆر ئه‌سته‌مبوو ئه‌و دیالۆگه‌ دروستبکرێ، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر کچه‌که‌ له‌ ماڵه‌ بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌ بوو ترسی کوشتنی هه‌بێ.‌" به‌پێی ئاماژه‌کانی رافع خێزان و ناو ناوبانگی خێزانه‌که‌ زۆر گرنگتره‌ بۆ کۆمه‌ڵێک خێزان تا تاکێک له‌ناو خێزانه‌که‌دا بۆیه‌ به‌ هاوکاری سۆسیال له‌گه‌ڵ ئیمان ڕێککه‌وتین که‌ چۆن له‌ ماڵ بیهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌و شاره‌ی خۆی دوری بکه‌ینه‌وه‌، به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌که‌مان چوین هێنامان بۆ لای خۆمان." به‌پێی روونکردنه‌وه‌کانی رافع ره‌وشی ده‌روونی و جه‌سته‌یی ئیمان له‌ کریسدابووه‌ که‌ هاتۆته‌ لای ئه‌وان و ئه‌مه‌ش کاری ئه‌وانی زه‌حمه‌تر کردوه‌. له‌مباره‌وه‌ نوێنه‌ری سه‌نته‌ری نینا وتی "ئه‌و هه‌فته‌ی یه‌که‌م هیچ قسه‌یه‌کی نه‌ده‌کرد و حه‌زیده‌کرد ته‌نیا بێ، زۆر که‌م نانی ده‌خوارد، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ که‌ هه‌ستی کرد که‌س زۆری لێناکات قسه‌ بکات و ئازاری ناده‌ن ئیدی ده‌ستی کرد به‌ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ تا چه‌ند رۆژ به‌ر له‌ راکردنی به‌سه‌ری هاتبوو."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌نته‌ری ئه‌وان چیکردوه‌ تا ئێستا بۆ ئه‌و کچه‌ رافع وتی " دوای ئه‌وه‌ی شوێنی حه‌وانه‌وه‌مان بۆ جێبه‌جێکرد، ده‌ستمانکرد به‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریمان له‌سه‌ر ئه‌و کچه‌ هه‌بێ که‌ دیسان بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ره‌وره‌وه‌ی ژیانێکی ئاسایی و ئیش له‌سه‌ر شوێنه‌وارنه‌هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م ئازاره‌ بکه‌ین له‌سه‌ر رۆح و ده‌روونی." به‌پێی ئاماژه‌کانی رافع کێشه‌یه‌ک که‌ ئه‌وان به‌رده‌وام به‌ره‌ورووی ده‌بنه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌یسی ئه‌م کچه‌ و ئه‌وانه‌ی تر که‌ 18 ساڵیان پڕکردوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کچه‌ له‌نێوان دوو هه‌ستدا ئازار ده‌چێژێ که‌ رێگای پێنادات به‌رده‌وام بێ له‌ ژیانێکی ئاسایی و ئاسوده‌ به‌دور له‌ ماڵی باوکی ئه‌ویش هۆگری ئه‌و کچه‌یه‌ به‌ دایک و باوک و خوشک و براکانی تریه‌وه‌ و ناتوانێ ده‌ستبه‌رداریان بێت، له‌لایه‌کیش گه‌رانه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی مه‌ترسی بۆ دووباره‌ ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ری له‌لایه‌ن براکه‌یه‌وه یان مه‌ترسی ژیانی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر له‌لایه‌ن خێزان یان که‌س و کاریه‌وه‌‌. رافع وتی " له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوشک و دایکی و باوکیشی به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌کرد و فشاریان بۆ ده‌هێناو داوایان لێده‌کرد که‌ بگه‌رێته‌وه‌ لایان وشکایه‌ته‌که‌ی وه‌رگرێته‌وه‌ له‌ پۆلیس و نه‌ترسێ ئه‌وان هیچی لێناکه‌ن، چونکه‌ پۆلیس دوای ئه‌وه‌ی ئیمان رایکرد له‌ماڵ، براکه‌یان گرت. ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ به‌رده‌وامانه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی، ئیمانیان خستبووه‌ نیگه‌رانی و سه‌رلێشێواوی و نه‌یده‌زانی چی بکات." نوێنه‌ری سه‌نته‌ری نینا ئه‌مه‌شی روونکرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک بوو به‌ 18 ساڵ ئیدی به‌پێی یاساکانی سوید خۆی بڕیار له‌سه‌ر ژیانی خۆی ده‌دات و که‌س ناتوانێ بڕیاری بۆ بدات، ئه‌گه‌ر ماڵه‌ باوک زۆری بۆ بێنن که‌ شکاتنامه‌که‌ وه‌رگریته‌وه‌و که‌یسه‌که‌ بوه‌ستێنری، ئیتر پۆلیس و هه‌موو داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان و ته‌نانه‌ت سه‌نته‌ره‌کانی داڵده‌دانی ژنانیش هاوکاریه‌کانی خۆیان راده‌گرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوایا ئه‌و کچه‌ گه‌وره‌یه‌و خۆی بڕیاری داوه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و کچه‌ له‌ دۆخێکی ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر خراپدایه‌." رافع هه‌روه‌ها وتی " له‌کاتێکدا که‌ کچه‌که‌ داوای ئه‌وه‌ بکات بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌ باوکی، ئێمه‌ له‌هه‌نگاوی ئه‌که‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین نه‌گه‌ڕیته‌وه‌ تا قه‌یرانه‌که‌ تێپه‌ڕ ده‌کات و به‌هێز ده‌بێته‌وه‌، وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ سوربێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌بێ ئێمه‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ ئاگاداری پۆلیس و سۆسیال له‌وه‌ بکۆڵینه‌وه‌ که‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و کچه‌ نیه‌ و، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌کردنی براکه‌ی له‌ چون بۆ ماڵو بینینی ئه‌و کچه‌ ڕاگه‌یه‌نرابی، ئه‌گه‌ر کچه‌که‌ خۆی بیه‌وێ بگه‌ڕیته‌وه‌ ئه‌وا ناچارین ڕازی بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ته‌مه‌نی له‌ 20 ساڵ تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ئه‌بێ په‌یوه‌ندی به‌رده‌واممان هه‌بی چ له‌گه‌ڵ خۆی یان ماڵه‌وه‌ بۆ سه‌لامه‌تی کچه‌که‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م وردبینیانه‌ تا ئیستاش له‌لایه‌ن پۆلیس یان سۆسیاله‌وه‌ له‌به‌رچاو ناگیرێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ کچه‌که‌ بڵێ من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئازادی ده‌که‌ن و به‌دواچونیش له‌سه‌ری زۆر که‌م ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ گوایا خۆی 18 ساڵی تێپه‌ڕاندوه‌‌."