هەنگوین بۆ چارەسەری پێستی وشك پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
سێ شەممە, 14 ئایار 2013 08:19

وشك هەڵاتنی پێست كە زیاتر تایبەتمەندیی پێستی ماندووە و هەندێك جاریش پصوەستە بە هۆكاری فسیۆلۆجی و بۆماوەییەوە، هەمیشە مایەی نائارامی و بێزاری ئەو كەسانەیە كە دووچاری دەبن، بە تایبەت لە پێستی دەموچاویاندا. 

دیارە دەرمان و كرێمی جۆراوجۆر هەن بۆ چارەسەركردن بەكار دەبرێن، بەڵام پسپۆڕان لەو باوەڕەدان كە هەنگوین لە ماددە هەرە گرنگ و كاریگەرەكانە بۆ ڕزگاربوونی پێست لەم كێشەیە، وێڕای ئەوەی كە هەنگوین لە سپیكردنەوە و سافكردنی پێستیشدا ڕۆڵی كاریگەری هەیە.

هەڵبەتە بەكارهێنانی هەنگوین بە شێوەی ئامادەكردنێتی وەك گیراوەیەك لەگەڵ ماددەی یاریدەدەری دیكەدا، وەك لێرەدا ڕوونی دەكەینەوە.

پێداویستییەكان:
یەك كەوچكی گەورە هەنگوین، یەك زەردێنەی هێلكە و كەوچكێكی بچووك ڕۆنی زەیتوون.

ئامادەكردن و بەكارهێنان:
هەر سێ پێكهاتەكە هەنگوین و زەردێنەی هێلكە و ڕۆنی زەیتوونەكە، بە باشی تێكەڵ دەكەین، تا دەبنە یەك گیراوەی توند، ئەم گیراوەیە بۆ خۆی جۆرێكە لە ماسك و بە هەمان شێوەی بەكارهێنانی هەر ماسكێكی پێستی دەموچاو بەكاری دەهێنین. دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێت كە ئەم ماسكە بۆ ماوەی ٣٠ خولەك بە دەموچاومانەوە بمێنێتەوە و دوای ئەوە دەموچاومان بە ئاوێكی شلەتێن بشۆین. 

سەبارەت بە پێستی دەست و قۆڵ و قاچیش بە هەمان شێوەیە و هیچ جیاوازییەكی لە ڕووی ئامادەكردن و بەكارهێنانیدا لەگەڵ ماسكی دەموچاوەكەدا نییە. بە بەكارهێنانی ئەم ماسكی هەنگوینە، چەند ڕۆژێكی كەم بەسە بۆ بەدیاركەوتنی گۆڕانكاریی ئەرێنیی زۆر لە ڕووی نەرمبوون و سپیبوونی پێستەوە و بەخشینی زیندووییەكی زۆر بە پێستمان.