نرخی بلیتی کۆنسێرتەکە چەندە و چەند بلیت دەفرۆشریت؟ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دووشەممە, 29 نیسان 2013 03:25

دوای چاوەڕوانییەکی زۆری هەوادارانی، لەکۆتاییدا "نەریمان بابان" لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاندووە کە کۆنسێرتەکەی لە ڕۆژی (٨/٥/٢٠١٣) لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەڕێوە دەچێت، ٣ شوێن دیاریکراوە بۆ فرۆشتنی بلیتی کۆنسێرتەکە ئەوانیش "سەنتەری کیژێ و نوسینگەی بابیلۆن/سلیمانی و تەلاری هونەر"ـە.

کاوان ڕەسول خاوەنی سەنتەری کیژێ لەبارەی کۆنسێرتەکەی بابان-ەوە بە NRT2ی ڕاگەیاند: ژمارەی ئەو بلیتانەی کە ئەفرۆشرێت بەپێی ژمارەی کورسییەکانی هۆڵی تەلاری هونەرە و نرخی بلیتەکەش بە ٢٠ هەزار دینارە و شوێنی تایبەتیش (V.I.P) نرخەکەی ٣٠ هەزار دینارە کە پێکدێت لە 15 ڕیز کورسی یەکەمی هۆڵەکە.

دوای ١٧سال لە غەریبی و گەڕانەوەی بۆ کوردستان ئەمە یەکەمین جارە نەریمان بابان کۆنسێرتێکی تایبەت بەخۆی سازبکات، چاوەڕوان دەکرێت داوای دووبارەکردنەوەی کۆنسێرتەکە بکرێتەوە لەلایەن هەوادارانی هونەرمەندی ناوبراوەوە، چونکە بابان هەوادارێکی زۆری هەیە و ئەو هۆڵەش ژمارەیەکی کەم کورسی تێدایە.