نامۆترین 10 هاوسه‌رگیری‌ له‌ جیهاندا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دووشەممە, 08 نیسان 2013 11:26

سه‌یرترین حاڵه‌ت چییه‌ له‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیریدا بینیبێتت؟ پیاوێكی‌ سه‌رخۆش؟ ئاهه‌نگێكی‌ بێتام؟ هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌كی‌ ناشرین؟ ئه‌مانه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌مووی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر بن به‌ڵام به‌شێك نین له‌ كلتوور. هه‌ندێك كلتوور لێره‌و له‌وێ‌ نه‌ریتی‌ وه‌هایان هه‌یه‌ كه‌ هێنده‌ی‌ ئه‌وه‌ سه‌یرن كه‌ زاوا به‌ سه‌رخۆشی‌ بێته‌ ناو ئاهه‌نگه‌كه‌وه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ 10 نه‌ریتی‌ هاوسه‌رگیری‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌ كلتووره‌ جیاوازه‌كانی‌ جیهاندا هه‌یه‌:


1.    زاوا ده‌بێت شووشه‌ بهاڕێت
هه‌ركه‌سێك بچێته‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیری‌ جووله‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌دیده‌كات كه‌ زاواكه‌ پاش گۆڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌ڵقه‌ له‌گه‌ڵ بووكێدا ده‌بێت پێ بنێت به‌ پارچه‌ شووشه‌یه‌كدا تا ووردوخاشی‌ ده‌كات, شووشه‌كه‌ له‌ پارچه‌ قوماشێكدا ده‌پێچرێته‌وه‌ و له‌كاتێكدا زاوا پێی پیاده‌نێت ئاماده‌بوانی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌رده‌وام هانی‌ زاوا ده‌ده‌ن و پێكه‌وه‌ هاوار ده‌كه‌ن "بیشكێنه‌, بیشكێنه‌!"


2.    شیڤاری‌(مۆسیقای‌ بێزاركه‌ر)
ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ ناخۆشترین و ناشرینترین شێوازی‌ پیرۆزبایی بێت له‌ كوڕو كچێك كه‌ تازه‌ ژیانیان پێكهێنابێت. ئه‌م دیارده‌ی ئاهه‌نگ گێڕانه‌ سه‌ره‌تا له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌هه‌مدا له‌ فه‌ڕه‌نسا سه‌ریهه‌ڵدا دواتر به‌ره‌و ئه‌مریكاش په‌لیكێشا. ئه‌م جۆره‌ پیرۆزباییكردنه‌ كه‌ به‌ شیڤاری‌ ناسراوه‌ بریتییه‌ له‌ بێزاركردنی‌ بووك و زاوا له‌شه‌وی‌ گواستنه‌وه‌دا به‌ ته‌نه‌كه‌ لێدان و قیژه‌قیژ و گۆرانی ووتن به‌ ده‌نگێكی‌ ناخۆش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك هاوڕێی نزیك و كه‌سوكاری‌ تازه‌ بووك و زاواكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ماڵیاندا. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌كه‌مبونه‌وه‌دایه‌.

 


3.    ئه‌ڵقه‌ی‌ په‌نجه‌ی‌....پێ!
ئه‌ڵقه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌ ئاهه‌نگدا واباوه‌ كه‌ بكرێته‌ په‌نجه‌ی‌ ده‌ست, به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ له‌ كلتووری‌ هیندیه‌كاندا ده‌كرێته‌ په‌نجه‌ی‌ پێ! به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئه‌ڵقه‌كه‌ زیویه‌ و ده‌كرێته‌ ئه‌و په‌نجه‌یه‌ی‌ كه‌ ته‌نیشت په‌نجه‌ گه‌وره‌ی‌ پێیه‌.

 

4.    له‌ هه‌موو شوێنێكی‌ جیهاندا واباوه‌ له‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیریدا په‌ڕه‌ی‌ گوڵ هه‌ڵبدرێت به‌سه‌ر  بووك و زاوادا, له‌ ووڵاتی‌ چیكیش ئه‌مه‌ ده‌كرێت, به‌ڵام له‌جیاتی‌ په‌ڕه‌ی‌ گوڵ پاره‌ی‌ ئاسن به‌سه‌ریاندا فڕێده‌درێت و دواتریش ده‌بێت به‌هه‌ردوكیان تا دوا دانه‌ی‌ ئه‌و پاره‌  ئاسنانه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ یه‌كگرتویی نێوانیان.


5.    زه‌رده‌خه‌نه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌!
له‌ ووڵاتی‌ كۆنگۆی‌ سه‌ر به‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌فریقادا گه‌ر بته‌وێت ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیری‌ بووك و زاوایه‌ك تێكبده‌یت ئه‌وا كه‌سێكی‌ قسه‌خۆش له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌ بۆ ئه‌و ئاهه‌نگه‌, له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌و ووڵاته‌دا كاتێك ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیری‌ ئه‌نجام ده‌درێت بووك و زاوا بۆیان نییه‌ پێبكه‌نن یان به‌لانی‌ كه‌مه‌وه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ش بێته‌ سه‌ر لێویان تا ئه‌وكاته‌ی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ كۆتایی دێت!

 




6.    بووك تیرباران ده‌كرێت!
له‌ كلتووری‌ (یوگور)دا كه‌ هۆزێكی‌ ووڵاتی‌ چینن, له‌كاتی‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیریدا زاوا به‌ تیروكه‌وان ده‌بێت سێ تیر بنێت به‌ بووكه‌وه‌! خۆشبه‌ختانه‌ سه‌ری‌ تیره‌كان تیژ نین به‌ڵكو ته‌ختن, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئازاری‌ هه‌یه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ فیشه‌كی‌ پلاستیكی  به‌و بووكه‌ به‌دبه‌خته‌وه‌ بنرێت. دواتر بووكه‌كه‌ ده‌بێت تیره‌كان هه‌ڵبگرێته‌وه‌ و بیانشكێنێت ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بووكێ بۆ دوایین جار له‌لایه‌ن زاواوه‌ ئازار ده‌درێت و له‌وه‌به‌دوا ژیانێكی‌ ئارام و پڕخۆشی‌ پێكه‌وه‌ به‌سه‌رده‌به‌ن.

 


7.    دیارییه‌كی‌ بێسوود!
له‌ زۆربه‌ی‌ ووڵاتانی‌ جیهاندا بووك و زاوا له‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیریدا دیاری‌ جۆراوجۆریان له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌وه‌ پێده‌گات. له‌ ئه‌ڵمانیاش هه‌مان شت ده‌كرێت, به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ دیاریان بۆ دێنێت, هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ گه‌یشته‌ به‌رده‌م بووك و زاوا ده‌ستبه‌جێ دیارییه‌كه‌ ده‌دات به‌ زه‌ویدا و ده‌یشكێنێت! دواتریش ده‌بێت له‌لایه‌ن دوو هاوسه‌ره‌ نوێیه‌كه‌وه‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌و دیارییانه‌ كۆبكرێنه‌وه‌. به‌باوه‌ڕی‌ ئه‌وان ده‌نگی‌ ئه‌و دیارییانه‌ كاتێك ده‌درێت به‌ زه‌ویدا ده‌بێته‌ هۆی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ڕوحیانه‌تی‌ خراپ له‌ بووك و زاوا.

 


8.    ناتوانم ناوه‌كه‌ی‌ تۆ بخوێنمه‌وه‌!
له‌ توركیا پێش ده‌ستپێكردنی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌موو هاوڕێ كچه‌كانی‌ بووك ناوی‌ خۆیان له‌ بنی‌ پێڵاوی‌ بووكدا ده‌نووسن, له‌ كۆتایی ئاهه‌نگه‌كه‌شدا بووكێ پێڵاوه‌كانی‌ دادكه‌نێت و به‌ده‌نگی‌ به‌رز ده‌ستده‌كات به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ناوه‌كان, ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌یتوانی‌ ناوی‌ كه‌سێك بخوێنێته‌وه‌ به‌هۆی‌ سڕانه‌وه‌ی‌ ناوه‌كه‌یه‌وه‌, ئه‌وا ده‌گه‌ڕێن تا ئه‌و كه‌سه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ش به‌ باوه‌ڕی‌ ئه‌وان ده‌بێته‌ كه‌سی دواتر كه‌ بچێته‌ ژیانی‌ هاوسه‌رگیرییه‌وه‌.

 


9.    خۆتان قایم بگرن!

له‌ دوورگه‌ی‌ (بۆرنیۆ)ی‌ ووڵاتی‌ ئیندۆنیسیا كاتێك بووك و زاوا بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چنه‌ ماڵی‌ خۆیانه‌وه‌, نابێت تاوه‌كو سێ ڕۆژ له‌و ماڵه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌, جگه‌ له‌مه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م سێ ڕۆژه‌دا به‌هیچ جۆرێك بۆیان نییه‌ بچنه‌ ته‌والێت!


 

10.    ئه‌و كێكه‌...ببورن ئه‌و جوچكه‌ قاش بكه‌ن!
له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا واباوه‌ كه‌ كێكی‌ گه‌وره‌ له‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیریدا ئاماده‌بكرێت كه‌ دواتر بووك و زاوا ده‌ستی‌ یه‌ك ده‌گرن و به‌ چه‌قۆیه‌ك  كێكه‌كه‌ له‌ت ده‌كه‌ن دواتر له‌گه‌ڵ میوانه‌كاندا ده‌یخۆن. له‌ ووڵاتی‌ مه‌نگۆلیادا هه‌مان ده‌ستگرتن و هه‌مان له‌ت كردن هه‌یه‌ به‌ یه‌ك چه‌قۆ, به‌ڵام له‌جیاتی‌ كێك جوچكێكی‌ به‌سته‌زمان له‌ت ده‌كه‌ن و دواتر جگه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌خۆن!