لەسلێمانی كچێك دوای ئەوەی “پێغەمبەر دەچێتە خەوی پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 14 نیسان 2013 10:48

كچێكی منداڵ لەشاری سلێمانی بانگەشەی ئەوە دەكات چارەسەری نەخۆشی دەكات و ئێستا خەڵكێكی زۆر دەچنە ماڵەكەیان بۆ چارەسەركردن.

پەیامنێری هاوڵاتی لەماڵی خۆیان لە(گەڕەكی خەبات) لەبەشی خۆراوای شاری سلێمانی ئەو كچەی بینیوەو دەڵێ‌ خەڵكێكی زۆر دەچنە لای و داوای شیفای لێدەكەن. بۆ خۆی وتوویەتی تا ئێستا زیاتر لەسەد كەس بەدۆعاكانی ئەو چاكبوونەتەوە لەنەخۆشی.

نیاز عەلی  تەمەن یانزە ساڵان تا قۆناغی چواری بنەڕەتی خوێندووە، چیرۆكی خۆی گێڕایەوە بۆ هاوڵاتی و دەڵێ‌ دوو مانگ لەمەوبەر  لەخەونیدا پێی وتراوە ” تۆ دەبیتە شیفا بەخشێكی باش” نیاز دەڵێ‌ ئەو كەسەی خەونی پێوە بینیوە پێی وتووە “من پێغەمیەری خوام”

لەسلێمانی یەكەمجارە چیرۆكێكی لەو جۆرە بێتە ئاراوە، پێشتر پیاوە ئاینییەكان یان كەسانی بەتەمەن بانگەشەیان دەكرد كە خەونیان بینیوەو دەتوانن ببنە شیفا بەخشی نەخۆشی و نەهامەتییەكان، بەڵام منداڵی وەكو نیاز یەكەمجارە دەبیسترێ‌.

نیاز بۆ هاوڵاتی وتی ” دوو مانگ لەمەوبەر دوانیوەڕۆیەك خەوم لێكەوتبوو، پیاوێكی سەرتاپا سپی لەگەڵ ژنێكدا هاتنە لام‌و پێی وتم من محەمەدم پێغەمبەری خوا ئەوەش عائیشەیە، دەستت بێنە بەجەستەی مندا تا دەستەكانی تۆ ببنە شیفابەخشی نەخۆشییەكانی خەڵك، دواتر پێی وتم تۆ ناوت فاتمەیەو نابێ بەناوی نیازەوە بانگ بكرێی”.

خێزانەكەی نیاز سەرەتا ئەو شتە لەكچەكەیان دەبیستن بڕوای پێناكەن” باوكی لەسەر ئەوقسانە لێیداو وتی جارێكی دیكە باسی نەكەیتەوە” كەچی دواتر هیچ گومانیان لەقسەی كچەكەیان نامێنی و دەرگای ماڵەكەیان دەخەنە سەرپشت بۆ سەردانیكەرانیان، بنەماڵەی نیاز خەڵكی شاری كەركوكن هەژدە ساڵ زیاترە لەشاری سلێمانی نیشتەجێن.

نیاز ئەوكاتەی  لەژورێكی بچووكدا كە دیوارەكانی بە تابلۆی ئایەت‌و وێنە ئاینییەكان داپۆشرابوون قسەی بۆ هاوڵاتی دەكرد، لەپشتی دەرگاكەیەوە ژمارەیەكی زۆر ژن و پیاو چاوەڕێیان دەكرد تا بیبینن، ئەوان هەریەكەیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانیان هاتبوون.

نیاز دەڵێ‌ لەوكاتەوە خەونەكەی بینیوە نەچووەتەوە بۆ خوێندنگە ” دەترسم بمڕفێنن بۆیە وازم لەخوێندن هێنا” قومری دایكی نیاز وتی “دەستەكانی نیاز شیفابەخشن رۆژانە دەیان نەخۆش لەشارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە دێنە ماڵمان ‌و داوادەكەن كە فاتمە دەستبێنێ بەسەر ئازارەكانیاندا”.

عەلی محەمەد باوكی نیاز كاری شۆفێری تاكسی دەكات لەنێو شاری سلێمانی جگە لەنیاز سێ‌ كچو كوڕێكی دیكەی هەن، چیرۆكی بیستی خەونی كچەكەی بەو جۆرە گێڕایەوە “هەموو رۆژێ لەماڵەوە نیاز دەیوت بابە من فریشتەی بەرگ سپی دێنەلام، من باوەڕم پێنەكرد وتم كچم درۆمەكەو ئەو قسانەش مەكە، تا رۆژێكیان سەرپۆشێك‌و تەزبیحێكی پیشاندام وتی بابە ئەوە فریشتەكان بۆمنیان هێناوە”.

نیاز كە لەدوای خەون بینینەكەی ناوی گۆڕاوە بۆ فاتمە دەڵێ‌ بەخۆڕایی ئەكارە دەكات لەبارەی بینیی فریشتەی نادیار وتی “ئێستا رۆژانە بۆ ماوەی دە دەقە لەپاش نوێژی عەسر بە شێوەی راستەوخۆ فریشتە دێنەلام‌و پێم دەڵێن كام نەخۆشی چارەسەربكەم”.

لەماڵی خۆیان چەند ژن و پیاوێك كە بۆ چارەسەر چووبوونە ماڵی نیاز قسەیان بۆ هاوڵاتی كرد، ئەوان هەر یەكەیان لەشارێكەوە بەباوەڕی تەواو بەبانگەشەكانی ئەو كچە منداڵە هاتبوون، نەسرین حەسەن تەمەن سی ساڵ لە شاری چەمچەماڵەوە رێگەی دووری بڕیوەو هاتووەتە لای نیاز ” پیاوێكی ناسراومان چاوی كوێر بووبوو، هات بۆ لای ئەم كچەو ئێستا چاوەكانی چاكبوەنەتەوە، منیش هەر بەو ئومێدە سەردانمكردووە”.

تەنانەت یەكێ‌ لەو ژنانەی قسەی بۆ هاوڵاتی كرد وتی منداڵەكەی تەمەنی چوار ساڵەو هیچ شتێكی بۆ ناوترێ‌ ” ئەو منداڵە هەر فاتمەی بینی كەمێك كەوتوەتە قسەكردن‌و یەك دوو وشەی وتوە وەك دادەو دایە” كەچی فاتمە دەڵێ‌ ئەو منداڵە چاكنابێتەوەو چارەسەری لای ئەو ناكرێ.

هەرچیبێ‌ ماوەیەكی زۆر خەڵك بەباسی نیاز و خەونەكەی سەرقاڵ دەبن، لەكۆمەڵگەی وەكو ئەوەی كوردستاندا ئاسانە خەڵكێك بەهەر جۆر بانگەشە بكەن، مشتەری و باوەڕداریان زۆر دەبێ‌، هێشتا بەهۆی پێشنەكەوتنی كەرتی تەندروستی بەكوردستان، دۆعانووس و نوشتەنووس لەكوردستان باوەڕدارێكی زۆریان هەیە بۆ باشتربوونی رەوشی تەندروستیان.